له گۆمی شەوەزەنگ ئەدەم و
به ناو دڵی مەترسیدا
گوزەر ئەكەم
شەڵاڵی شەو
له بەردەم بارەگای كازیوەدا پێت ئەگەم
گەر له شەوسەرای چاوانتا
نەمشارییەوه
شار بەرده بارانم ئـەكا
داڵدەم بده
ئەی بەندەری هەنار و ئارامش
داڵدەم بده
ئێجگار نائارام و مانووم؛
با سەر بنێم به سینگتەوه و
تێر تێر بنووم
كه هەستمەوه ،بۆت باس ئـەكەم
له ستەمكاری تەقیانووس
لەو رەشه بایانـەی هێنای
له و پۆستاڵانەی بەریدانه سارای گوڵ
000000000000000
به داڵانی ترسا هاتووم
چی دارۆغەی ئەم چاخەیه بۆم ئەگەڕێن
دڵم پڕه لەو رازانه ی
له گەڵ دڵه كوتەدا جووتن؛
پەنام بده
با لە لای تۆ بیاندركێنم
لێو ڕێژم له چەخماخەی ئاماژه و
تەتەڵەی واژه و
له هەمان كاتیشا
كەروێشكە و بەرامە و هاژه
تەژی له راپۆرتی سەر بڕینی
چوار و چل و هەزارەها هەزار چــــــــــــــرا
000000000
من مرۆڤی سەردەمی ئەشق و
بارووت و كامپیۆتێرم
له یەك كاتا
شەڕم ، ئاگربەسم ، خێــــــــــــــرم
بارستایێك له هەنیسك و شـــیعرم
ئەو بەردەنووسه نەنووسراوەم
باس له كوشتاری حەرف ئەكەم
00000000000
تەنیا لە چاوی تۆدا
ئارام ئەگرم؛
چاوت میهرەبانترین شەوی گەردوونه
هیچ ئەهریمەنێ تیایدا زاوزێ ناكا
نەوەی سەدەكانی چل و پەنجا
بێ سەبرانه چاوەڕوانن
گەر ئەم راسپاردانەیان پێ نەگات
له چاوی تـۆوەی ئەزانن
000000000
شەڵاڵی شەو پێت گەیشتووم
له شەو سەرای چاوەكانتا
بمشارەوە
هەژان بابامیری—سەقز— 25/3/85